عربي

ئاسانترین ڕێگە بۆ دۆزینەوەی زانیاری وخزمەتگوزارى

پەیوەندی بکە بە کەسانی شارەزا

نیشانە سەرەتاییەکانی ئۆتیزم

26/01/2018
391 جار خوێندراوەتەوە

میشێل نۆتردام، پرۆفیسۆری ئەڵمانی، دەڵێ دایکان و باوکان لە هەندێک دیاردەی سادەی منداڵەکەیانەوە دەتوانن بزانن منداڵەکەیان ئۆتیزمی هەیە یان نا؟
وەک پرۆفیسۆرەکە باسیدەکات، نیشانە سەرەتاییەکانی ئۆتیزم ئەمانەن:
*وەڵامنەدانەوە بۆ ئاماژەکان، پێکەنین و قسەکردنی کەسانی دەوروبەر
*قسەنەکردن
*مامەڵەی ئێجگار نابەجێ لەگەڵ گۆڕانەکانی دەوروبەر

پرۆفیسۆر نۆتردام، کە پسپۆڕی دەروونپزیشکیی منداڵ و نەوجەوانانە، دەڵێ زۆر پێویستە لەکاتی تێبینیکردنی ئەم نیشانانە، دایک و باوک راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی دەروونیی بکەن.
پرۆفیسۆرە ئەڵمانییەکە دەڵێ تاوەکوو زووتر ئۆتیزم دەستنیشانبکرێ، چارەنووسی کەسە تووشبووەکە باشتر دەبێ، چونکە لە رێگەی پەروەردەی تایبەتەوە بەشێک لە تواناکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە و ژیانیان ئاسان و کردەییتر دەکرێ.

ئۆتیزم چییە؟
ئۆتیزم نەخۆشییەکە کە منداڵ لە سێ رووەوە نائاسایی دەبێت: لایەنی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی دیکە. لایەنی پەیوەندیکردن بە چواردەور و گەیاندنی هەستەکانی خود و تێگەیشتن لە هەستی کەسانی دیکە. هەروەها هەندێک هەڵسوکەوتی سەیر و دووبارە. 

راددەی توندیی نەخۆشییەکە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى دیکە جیاوازە، لە منداڵێکدا کە تەنیا هەست دەکرێ لەوانی دیکە جیاوازە و پێویستی بە هەندێک چاودێرییە، بۆ یەکێک کە تەواو تواناکانی سنووردارن و بێ پشتیوانی ئەوانی دی تووشی سەختی دەبێتەوە.

لە تەمەنی 2-3 ساڵییەوە هەست بە نیشانەکانی ئۆتیزم دەکرێن و ئەگەر منداڵ زوو ببرێتە لای پەروەردەکاری تایبەت، دەتوانرێ هاوکاریی بکرێت و بەشێوازی تایبەت فێربکرێ و هەندێک توانای بۆ بگێڕدرێتەوە.
هیچ پشکنینێکی تاقیگەیی نییە ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بکات، بەڵکو سەرنجدان لە هەڵسوکەوت و سروشتی کەسەکە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی منداڵێک ئۆتیزمی هەیە. کوڕان پێنج هێندەی کچان زۆرتر تووشی ئۆتیزم دەبن.

دەرمانێکیش نییە بدرێتە منداڵ بە مەبەستی چاکبوونەوەی، بەڵکو پێویستی بە خولی راهێنان و پەروەردەی تایبەت هەیە تاوەکو فێری هەڵسوکەوتی تاڕادەیەک ئاسایی ببێت و بەشێوازی جیاکەرەوەی خۆیشی زانیاری پێبدرێ . 

رووداو . نيت